ڕۆژی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبەر) هاوکات لەگەڵ ساڵیادی گیانبەختکردنی موحسین قەیسەری لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە ئیلامدا، لانیکەم ٤ هاووڵاتی بە ناوەکانی محەممەدحسەین قەیسەری (برای موحسین)، عەلی شێرخانی، مەحموود سادقی و کچەکەی هودا سادقی بە پەلامار و لێدان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران. محەممەدحسەین قەیسەری و مەحموود سادقی دوای چەند کاتژمێرێک ئازاد کران، بەڵام تا ئێستا لەسەر چارەنووسی عەلی شێرخانی و هودا سادقی هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبەر) بنەماڵەی موحسین قەیسەری لە مزگەوتی نەبیی ناوچەی هانیوانی ئیلام ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ئەم هاووڵاتییە گیانبەختکردووەیان بە ئامادەبوونی بەربڵاوی خەڵک بەڕێوە برد. نیوەڕۆکەی، دوای کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمەکە، ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی بەشداربوو بە شێوەی خۆڕسک بەرەو مەزاری موحسین قەیسەری لە بەهەشت محەممەدیی ئەم شارەدا کەوتنە ڕێ».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەکان لە بەهەشت محەممەدیی ئیلامدا هێرشیان کردە سەر هاووڵاتیان و بە پەلامار و لێدان لانیکەم ٤ هاووڵاتییان بە ناوەکانی محەممەدحسەین قەیسەری (برای موحسین)، عەلی شێرخانی، مەحموود سادقی و کچەکەی هودا سادقی دەستبەسەر کرد.

لە چەند حەفتەی ڕابردووەوە و هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی و گیانبەختکردوانی دیکەی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، دامودەزگا ئەمنییەکان لە ڕێگای بانگهێشت و هەڕەشەکردن لە بنەماڵەکانەوە ڕێگری لە هەرچەشنە ڕێوڕەسمێکی یادکردنەوەی گیانبەختکردوان دەکەن.

موحسین قەیسەری، هاووڵاتیی ٢٥ ساڵانی خەڵکی ئیلام، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢١ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی بەخت کرد.