لەسەر چارەنووسی عادڵ (شاخەوان) میرزایی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «نگڵ»ی ناوچەی کەڵاتەرزانی شاری سنە کە نزیکەی مانگێک لەمەوپێش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم گوندەدا دەستبەسەر کرابوو و گوازرابوویەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەرەڕای سەردان و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە بۆ دادگا و ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی بەردەست نەکەوتووە. ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە مافی بەرهەمەندبوون لە پارێزەر و پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.

ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ئەمساڵ (١٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) دەیان هێزی ئەمنی هێرشیان کردە سەر گوندی «نگڵ» و عادڵ میرزایی و دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەم گوندەیان بە ناوەکانی موبین پەروین و ماهان نەساجی دەستبەسەر کرد.

موبین پەروین و ماهان نەساجی حەفتەی ڕابردوو دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گوازرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە و بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.