بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گوڵان (١ی مەی) سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی خەسرەو باباوەلدینی کە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوە ٦٥ ساڵەیەی خەڵکی گوندی «سەرماج حسەینخانی»ی سەر بە شاری هەرسینی کرماشان، نزیکەی ١٠ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بۆ دەرچووبوو.

دەوترێت نزیکەی ٣٠ ساڵ لەمەوپێش لە تێکهەڵچوونێکی کۆمەڵایەتیدا کەسێک دەکوژرێت و تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی ئەو کەسە لە خەسرەو باباوەلدینی دەدرێت. خەسرەو بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ لە پارێزگایەکی تردا بە نهێنی ژیابوو، بەڵام ١٠ ساڵ لەمەوپێش دەستبەسەر کرابوو و گوازرابوویەوە بۆ زیندانی دیزڵئاوای کرماشان.

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گوڵان (١ی مەی) هاوکات و هەر لەم زیندانەدا بەندکراوێکی دیکەیش بە ناوی عەلی ئەشرەف خانی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بۆ دەرچووبوو، لە سێدارە درا.