ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی گوڵان (٥ی مەی) خەسرەو بەشارەت، زیندانیی مەزهەبیی مەحکووم بە ئێعدام کە لە ڕۆژی ١٢ی گوڵانەوە (١ی مەی) هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدانی ئەنوەر خزریدا، کوڕەپوور و یەک لە هاودۆسیەکانی، گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج، بۆ دواهەم جار لەگەڵ بنەماڵەکەی دیداری کردووە. ئێستە و پاش ئەنجامدانی دوادیدار، مەترسیی لەسێدارەدانی دەسبەجێ و خێرای ئەم زیندانییە مەزهەبییە لە ئارادایە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانی پێنج بەندکراوی دیکەی ئەم دۆسیەیە بە ناوەکانی قاسم ئابستە، ئەیوب کەریمی، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی و ئەنوەر خزری جێبەجێ کرابوو.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی گوڵان (٥ی مەی) بنەماڵەی خەسرەو بەشارەت کە بە مەبەستی ئەنجامدانی دواهەم دیدار لە مەهابادەوە بۆ زیندانی قزلحەساری کەرەج بانگهێشت کرابوون، نزیکەی ٢٠ خولەک و لە نزیکەوە چاویان بە کوڕەکەیان کەوتووە و دوادیداریان لەگەڵ کردووە.

پاش ئەنجامدانی دوادیداری ئەم زیندانییە مەزهەبییە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا، مەترسیی ئەوە لە ئارادایە کە تا چەند کاتژمێرێکی تر لە سێدارە بدرێت.

خەسرەو بەشارەت، هاووڵاتیی ٣٩ ساڵانی کوردی خەڵکی مەهاباد، لە ڕێبەندانی ١٣٨٨دا (ژانڤییەی ٢٠١٠) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.

ئەم زیندانییە مەزهەبییە لە ڕێبەندانی ١٣٩٩دا (ژانڤییەی ٢٠٢١) بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵا سەبارەت بە ئەشکەنجەدران لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە، نووسیبووی: «ڕێبەندانی ساڵی ١٣٨٨ (ژانڤییەی ٢٠١٠) بوو کە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە دەستبەسەر کرام و برامە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. بۆ ماوەی مانگێکی تەواو لە ژووری تاکەکەسیدا بە چەندەها جۆری جیاواز ئەشکەنجەیان دام. زۆرجار لە ١٢ی شەو بەدواوە هەتا بەیانی بە دەنگی تۆقێنەر و دەنگی هاوار و شیوەنی کەسێک کە خەریکە ئەشکەنجە دەدرێت، ترس و لەرزیان دەخستە هەموو گیانمەوە و هەتا بەیانی نەمدەتوانی بخەوم، بەم کارەش ئازار و ئەشکەنجەی دەروونیی زۆر سەختیان دەدام. بۆ ماوەیەکی درێژ لە پشتەوە دەستەکانمیان بە کەلەبچە دەبەست، بە شێوەیەک کە لە ئێشی دەست و پێ دەمناڵاند. چەندەها جار بە سەعات بە کەلەبچە لە سەقفەکەوە شۆڕیان دەکردمەوە و چەندین جار بە تەختێکیانەوە دەبەستم و بە کێبڵی ئەستووری کارەبای سێ ڕشتە، بە توندی لە ژێرپێیان دەدام، بە شێوەیەک کە نزیک بوو مێشکم لە دەمم بێتە دەرەوە و گلێنەی چاوم دەربێت و دڵم خەریک بوو بتەقێ».

لە درێژەی ئەم نامەیەدا نووسرابوو: «ئەم ئەشکەنجانە سێ حەفتە درێژەی هەبوو و پاشان هەڕەشەی دەستگیرکردنی ئەندامانی بنەماڵەکەیان لێ کردم. لەو کاتە و لەژێر ئەشکەنجە و هەڕەشەدا، لێپرسەوەی دۆسیەکە خۆی تۆمەتەکانی بە زۆر پێ دەنووسیم و پێی پەنجەمۆر و ئیمزا دەکردم، لە دۆخێکدا کە هەر لەم دونیایەدا نەبووم و نەمدەزانی خەریکم واژۆ لەسەر چی دەکەم».

ئەم زیندانییە مەزهەبییە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ماوەیەک لە زیندانەکانی مەهاباد، ورمێ و بەندی ٣٥٠ زیندانی ئێڤینی تاراندا بوو و پاشان ڕەوانەی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کرا.

لە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٣٩٤دا (مارسی ٢٠١٦) خەسرەو بەشارەت لەگەڵ هاودۆسیەکانی دیکەیدا بە هەندێ تۆمەتی وەک «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت»، «ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکاندا» و «افساد فی‌الارض» لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە دادگایی کران و ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ (٢٥ی مەیی ٢٠١٦) بە فەرمی پێیان ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕازینی و لە کۆتایی ١٣٩٥دا (٢٠١٧) حوکمەکە هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایە بەردەم لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران.

لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا (مەیی ٢٠١٨) جارێکی تر بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانی بەسەر خەسرەو بەشارەت و هاودۆسیەکانیدا سەپاندەوە. ئەم جارە دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە و بە گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران سزاکەی وەک خۆی پەسەند کردەوە و لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٨دا (٣ی فێبرییەی ٢٠٢٠) بڕیارەکە بە شێوەی فەرمی بە پارێزەرەکەیان، مەحموود عەلیزادەی تەباتەبایی، ڕاگەیەنرا.

خەسرەو بەشارەت لەگەڵ دوو هاودۆسیەی دیکەیدا بە ناوەکانی ئەنوەر خزری و کامران شێخە لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٩٦دا (١٩ی سێپتامبەری ٢٠١٧) بە مەبەستی دادگاییکردن بە تۆمەتی «کوشتنی سەربازێک لە مەهاباد» لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران. دادگای ئەم سێ کەسە لە ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٧دا (٣٠ی ژوەنی ٢٠١٨) لە لقی ١٢ی دادگای پیاچوونەوەی ورمێ بەڕێوە چوو. لەم دادگایەدا خەسرەو بەشارەت بە تۆمەتی «یارمەتیدان و بەشداریکردن لە کوشتندا» سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە لە گەلاوێژی ساڵی ڕابردوودا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای داخستن و چۆڵکردنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج گوازرانەوە بۆ زیندانی قزلحەسار.