ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ گوڵان (٥ی مەی) کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بە ناوی عەتا ڕوستەمپوور لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و کوژرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کۆڵبەرێک بە ناوی عەتا ڕوستەمپوور گیانی لە دەست دا.

تەرمی ئەم کۆڵبەرە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبیی بانە و تا ئەم ساتە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

لە سەرەتای گوڵانەوە تا ئێستا سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی شوانە ئەحمەدپوور، هێمن ئەحمەدی و جەلال سوهرابی لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و سەقز بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کوژراون.