ناسر سەرگەڕان، پارێزەر، وانەبێژی زانکۆ و چالاکی بواری کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ڕەزبەر (١١ی ئۆکتۆبەر) لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سەقز لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ڕەزبەر (١١ی ئۆکتۆبەر) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات چوونەتە سەر ماڵی ئەم پارێزەرە یاساییە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە.

ناسر سەرگەڕان لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا تەنها پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بووە و ڕایگەیاندووە کە لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری سنەدایە.

لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم پارێزەرە یاساییە کراوەتەوە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە و لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر و دیداری بنەماڵەیش بێبەش کراوە.

بەهرەمەندبوون لە پارێزەر و دیداری بنەماڵەیش بێبەش کراوە.

ناسر سەرگەڕان ساڵی ١٣٧٢ (١٩٩٤) بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بینایی هەردوو چاوەکەی لە دەست دا. ئەم پارێزەرە یاساییە لە زانکۆی تاران دوکتۆرای لە یاسای نێونەتەوەییدا گرت و لە ژێر ناوی «مافی بەردەستبوونی خزمەتگوزاریی تواناسازی بۆ قوربانیانی تەقینەوەی مین»دا نامەی دوکتۆراکەی نووسیوە.