بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەرەڕای تێپەڕینی ١٨ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی سەعید موحسینیدا، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئیلام، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە بەردەست نەکەوتووە.

هێزە ئەمنییەکان لە سەرەتای سەرماوەزدا (کۆتایی نۆڤامبەر) چووبوونە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە لە شاری ئیلام و ویستبوویان دەستبەسەری بکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ماڵەوە نەبوو منداڵە ٨ ساڵەکەیان دەستبەسەر کردبوو و بە بنەماڵەکەیان وتبوو تا کاتێک کە سەعید موحسینی خۆی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعات نەکات، منداڵەکەی ئازاد ناکەن.

سەعید موحسینی ڕۆژی ٥ی سەرماوەز و دوای ئاگاداربوونەوە لە دەستبەسەرکردنی منداڵەکەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کە بە مەبەستی بەبارمتەگرتن ئەنجام درابوو، خۆی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام کرد و پاش دەستبەسەرکردنی خۆی منداڵەکەی ئازاد کرا.

سەعید موحسینی، دەرچووی لقی ئەندازیاریی نەوت، ساڵی ڕابردوو بە هۆی بەشداریکردنەوە لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا و چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە لایەن دادگای ئیلامەوە سزای ٢ ساڵ و نیو بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.