دایک و باوکی ژینا ئەمینی لە بەیاننامەیەکدا کە لە لاپەڕەی ئەمجەد ئەمینی لە ئینستاگرامدا بڵاو کراوەتەوە، ڕایانگەیاندووە کە ڕێورەسمی یەکەم ساڵیادی کچەکەیان لەسەر مەزارەکەی لە شاری سەقز بەڕێوە دەبەن.

لە بەیاننامەکەی موژگان ئێفتخاری و ئەمجەد ئەمینیدا کە بە ڕستەی «بە ناوی یەزدانی دادگەر»ەوە دەستی پێ کردووە، ڕوو لە «هاووڵاتیانی ڕێزدار» و «خوشکان و برایانی هێژا» وتراوە: «ئێمە، بنەماڵەی ژینا، وەکوو هەموو بنەماڵەیەکی داخدار، لە ساڵیادی شەهیدبوونی منداڵە جگەرگۆشەکەماندا ژینا ئەمینی، دەچینە سەر مەزاری ئەو ئازیزە کۆچکردووە و ڕێوڕەسمی سوننەتی و مەزهەبیی ساڵیادی بەڕێوە دەبەین».

لەم ڕاگەیاندنەدا جەخت کراوەتەوە لەسەر خۆلادان لە توندوتیژی لە ڕێوڕەسمی ساڵیادەکەدا: «وێڕای بەرزڕاگرتنی هاوخەمی و کەڵکەڵەی بەهاداری هاوشاریانی خۆشەویست، داوا لە هەموان دەکەین خۆیان لە هەرچەشنە کردەیەکی توندوتیژ و پەرچەکردار لە بەرانبەر تودوتیژیدا ببوێرن».

بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە ساتەوەختی کوشتنی حکومەتیی کچەکەیانەوە بەردەوام لەژێر گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانی حکومەتدا بوون تاکوو نەخۆشیی پێشووتر بە هۆکاری مەرگی کچەکەیان ڕابگەیەنن و هیچ ڕێوڕەسمێکی یادکردنەوەی گشتییش بەڕێوە نەبەن. لە درێژەی ئەم گوشارانەدا، سێ ڕۆژ لەمەوپێش سەفا عائیلی، خاڵۆی ژینا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا.

ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردن و چلەی ژینا ئەمینی گەورەترین کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزاییانەی جەماوەریی یەک ساڵی ڕابردووی هەموو ئێران بوون لە ڕەوتی سەرهەڵدانی دژ بە کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا. کۆدەنگی لەسەر ئەوە هەیە کە خاڵی دەسپێکی ئەم سەرهەڵدانە دەگەرێتەوە بۆ ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ژینا لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز کە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لەچکیان لەسەر هەڵگرت و دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی»یان بەرز کردەوە. ئەم دروشمە لە ڕەوتی سەرهەڵدانەکەی دواتردا لە شارە جیاوازەکانی ئێران بوو بە سەرەکیترین دروشمی بزووتنەوەکە.

ژینا ئەمینیی ٢٢ ساڵان ڕۆژی ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠١ (١٣ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە شەقامێکی تاران لە لایەن دەوریەی ئەرشادەوە (پۆلیسی ئەخلاقی ئێران) دەستبەسەر کرا. ژینا سێ ڕۆژ دواتر لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرماناندا (١٦ی سێپتامبەر) بە هۆی ئەو زەبرانەوە کە لە ئەنجامی ئەشکەنجەدانی هێزەکانی پۆلیس و لە کاتی دەستبەسەرکردندا بەر سەری کەوتبوو دووچاری مەرگی مێشک بوو و لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەست دا.