ڕۆژی ڕابردوو ١٤ی پووشپەڕ دوو هاووڵاتیی کوردی خەلکی گوندی “شیان”ی سنە بە ناوەکانی بێهزاد مەحموودی و نەژاد عەزیزی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گواسترانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو هيزە ئەمنییەکان بە چەند ئۆتۆمبیل چوونەتە گوندی شیانی سنە و بەبێ هیچ حوکمێکی یاسایی بێهزاد مەحموودی و نەژاد عەزیزییان دەستبەسەر کردووە. هيزە ئەمنییەکان هیچ هۆکارێکیان بۆ دەستبەسەرکردنی ئەم دوو لاوە ڕانەگەیاندووە.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە جۆزەردانی ئەمساڵدا لانیکەم ١٩ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. لەمانە تەنیا دوو کەسیان بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراون.