بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی بەندکراوێک بە ناوی بێهرووز مورادی لە نەخۆشخانەی زیندانی ئێڤینی تاران جێبەجێ کراوە

ئەم بەندکراوە لە تیپی ٢ی زیندانی تارانی گەورەوە گوازرابوویەوە بۆ زیندانی ئێڤین و حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی لەوێ جێبەجێ کراوە. دەوترێت ئەم زیندانییە دوای جێبەجێکردنی حوکمەکە ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیمام سەجادی تاران کراوە.

ناوبراو نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «دزی» دەستبەسەر کرابوو و سزای «بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست»ی بەسەردا سەپابوو.

ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هەواڵی جێبەجێکردنی سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی دوو بەندکراوی تری لە زیندانی ئێڤین، بە ناوەکانی بەرات حسەینی خەڵکی کرماشان و پوویا تورابی، بڵاو کردبۆوە.

لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا (ژوەنی ٢٠٢٢) تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و ناوەندی عەبدوڕەحمان بروومەند بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک باسیان لە مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی ٨ بەندکراو کردبوو.