هاوکات لەگەڵ مانگرتنی سەرانسەریی بارهەڵگرەکان لە زۆربەی شارەکانی ئێراندا، لانیکەم ١٢٠ بارهەڵگر لە شاری پاوەی پارێزگای کرماشان ڕۆژانی ١٤ و ١٥ی سەرماوەز (٥ و ٦ی دێسامبر) دەستیان لە کار کێشایەوە و مانیان گرتووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لەم ڕۆژانەی دواییدا خاوەنی بارهەڵگرەکانی شاری پاوە لە لایەن بەشی پێوەندییە گشتییەکانی ئیدارەی ڕێگاوبانی شاری پاوەوە پەیامی تایبەت و لە گرووپە واتساپییەکانیشدا پەیامی گشتییان بۆ نێردراوە و بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکە و گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان خراونەتە ژێر گوشار و هەڕەشەوە.

لەم پەیامانەدا کە دەوترێت بە گوشاری شەهریاریی سەرۆکی ئیدارەی ڕێگاوبانی پاوە و سەیفوور غوڵامی لە هاوکارانی دامودەزگا ئەمنییەکانی ئەم شارە نێردراوە، خاوەنی بارهەڵگرە مانگرتووەکان هەڕەشەی بلۆککردنی کارتی زیرەکی سووتەمەنیی شۆفیر و بڕینی بەشەگازۆییلەکەیان لێ کراوە.