ڕۆژی ڕابردوو سێشەممە ٧ی خەرمانان (٢٩ی ئاگۆست) یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد بەڕێوە چوو. بەڵام لەبەر درێژبوونەوەی ماوەی دادگاکە و بۆچوونی دادوەر لەمەڕ زەروورەتی ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات لە دادگادا و لەبەرچاوگرتنی ئیدیعاکانی ئەم دەزگا ئەمنییە، درێژەی دادگاکە دوا خرا بۆ کۆبوونەوەیەکی تر.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لەم دادگایەدا کە لەسەر داوا و شکاتی وەزارەتی ئیتلاعات و سزانامەی داواکاری دادسەرای گشتی و شۆڕشی موقەدەسی تاران بەڕێوە چووە، سەرۆکی لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران پرسیارەکانی خۆی سەبارەت بە ناوەرۆکی دۆسیەکە لە ساڵح نیکبەخت پرسیوە و ئەم پارێزەرە یاساییەیش وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکە، ڕایگەیاندووە کە کردنەوەی ئەو دۆسیەیە پێچەوانەی یاسایە.

تا ئێستا کاتی بەڕێوەچوونی دووهەم کۆبوونەوەی دادگاکە دیاری نەکراوە.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕەوتی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتبووی: «بەڕێز نیکبەخت لەسەر داوا و شکاتی وەزارەتی ئیتلاعات و بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە ڕێگای وتووێژکردنەوە لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی ناوخۆ و دەرەوەدا و تانەدان لە بۆچوونی کۆمیسیۆنی پزیشکیی داد سەبارەت بە مەرگی ژینا ئەمینی دادگایی دەکرێت».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، داواکاری دۆسیەکە وەزارەتی ئیتلاعاتە و ٩ وتووێژی ئەم پارێزەرە یاساییە لە چوار ساڵی ڕابردوودا، ١٣٩٨ تا ١٤٠٢ (٢٠١٩ تا ٢٠٢٣) وەکوو بەڵگەی تاوان لە دۆسیەکەدا تۆمار کراون.

ئەم سەرچاوەیە سەبارەت بە ناوەرۆکی ئەو وتووێژانە وتبووی: «دوو دانە لە وتووێژەکان لەسەر بەیاننامەی پارێزەران، چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەوانان بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و پێشێلکردنی سەروەریی ئەو وڵاتە بووە، هەروەها وتووێژ لەسەر نەبوونی بەربەستی یاسایی لە بەردەم پێدانی مۆڵەتی شۆفیریی مۆتۆردا بۆ ژنان، شیکردنەوەی ڕەوتی ئازادکردنی زیندانییەکی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ئێران (کەمال حەسەن ڕەمەزان) کە بە پارێزەریی بەڕێز نیکبەخت لە ئێعدام ڕزگاری بوو، وتووێژ لەسەر ڕووبەرووبوونەوەی نایاسایی هەندێ لە ئەندامانی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لەگەڵ پەناخوازە ئەفغانستانییەکاندا، ڕەخنەگرتن لە ڕەچاونەکردنی یاسای بەکارهێنانی چەک و کوشتنی کۆڵبەرە کوردەکان، ڕەخنەگرتن لە بڵاوکردنەوەی دانپیانانی زۆرەملێی دەستبەسەرکراوان لە تەلەڤیزیۆنی ئێرانەوە و دواجاریش وتووێژکردن لەسەر دۆسیەی ژینا ئەمینی و تانەدان لە بۆچوونی پزیشکیی داد و پشتگوێخستنی داواکاریی پارێزەران و بنەماڵە لە پرسی کوشتنی ژینادا، لەو بابەتانەن کە لە سزانامەکەدا ئاماژەیان پێ دراوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لەبەر نزیکبوونی ساڵیادی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی و پێشبینیی دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە ساڵڕۆژی کوشتنی ژینادا، دامودەزگا ئەمنییەکان هەوڵ دەدەن لە ڕێگای سەختگیری و زاڵکردنی کەشی ترساندن و تۆقاندنەوە پێش بە هەرچەشنە جووڵەیەکی نارەزاییانەی تازە بگرن. وا دیارە هۆکاری دۆسیەسازی بۆ ساڵح نیکبەختیش کە ئامادە نەبووە بۆچوونەکەی کۆمیسیۆنی پزیشکیی داد قبووڵ بکات و پێداگرە لەسەر ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی پزیشکانی ڕاگەیەنراوی بنەماڵەی ژینا ئەمینی، هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەم بابەتە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە درێژەدا زیادی کرد: «وەزارەتی ئیتلاعات ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە بە ڕای ئەوان بەڕێز ساڵح نیکبەخت دەوری سەرەکیی هەبووە لە هاندانی بنەماڵەی ئەمینیدا بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی مەرگی منداڵەکەیان و بنەماڵەی ژینا، بەتایبەت باوکی، لەژێر کاریگەریی قسەکانی ئەودان. هەر بۆیە ساڵح نیکبەخت یان دەبێ بۆچوونەکەی کۆمیسیۆنی پزیشکیی داد قبووڵ بکات و ڕایبگەیەنێت یاخود دەبێ لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە سزا بدرێت. وا دیارە گەڕانەوە بۆ وتووێژەکانی پێشووتریشی تەنها بیانوویەکە بۆ قورسکردنەوەی دۆسیەکە، ئەگینا بابەتی سەرەکی هەر بەدواداجوونی دۆسیەی کوشتنی ژینا ئەمینییە لە لایەن ئەم پارێزەرە یاساییەوە».

ساڵح نیکبەخت، یاساناس و پارێزەری یاسایی ٧٢ ساڵان کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە کاری پارێزەری دەکات، لە گەلێ دۆسیەی سیاسی و ڕۆژنامەوانیدا، لەوانە دۆسیەی زیندانیان و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد و تورک و عەرەب، ئەرکی پارێزەریی لە ئەستۆ بووە. هەروەها لە هەندێ دۆسیەی بەناوبانگی گەندەڵیی ئابووریی ئێرانیشدا پارێزەریی کردووە، لەوانە دۆسیەی ناسراو بە ١٢٣ میلیاردیی بانکی سادرات کە وەک پارێزەری بانک هۆکار و بکەرە سەرەکییەکانی گەندەڵیی لە قاو دا و ڕایگەیاند لەم دۆسیەیەدا کەسانێک زەمینەی تاوانیان فەراهەم کردووە کە نە سەرپەرشتن و نە یاریدەدەر و نە هاوبەش، بەڵام بەبێ دەستێوەردانی ئەوان ئەنجامدانی تاوانەکە نامومکین بوو.

ئەم پارێزەرە یاساییە کە پێشینەی ڕۆژنامەوانیشی هەیە، پێش و پاش شۆڕشی ١٣٥٧ی ئێران (١٩٧٩) بەردەوام لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە کەوتووەتە بەر لێکۆڵینەوە، بانگهێشتکردن، قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە ئێران و دەستبەسەرکردنەوە و نزیکەی ٨ ساڵ لە تەمەنی خۆی بە تۆمەتی سیاسی لە زینداندا بردووەتە سەر. هەروەها لە کارنامەی ئەم یاساناسەدا ڕزگارکردنی گیانی نزیکەی ٣٠ زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام لە ساڵانی پارێزەربوونیدا دەبینرێت.

پارێزەری بنەماڵەی ئەمینی لە حاڵێکدا براوەتە بەردەم دادگا کە سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە ١١ مانگ بەسەر کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا و خۆپیشاندانە جەماوەری و سەرانسەرییەکانی پاش ئەم ڕووداوە کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم ٥٠٠ کەس و برینداربوونی هەزاران کەسی تر، تا ئێستا لێکۆڵینەوە بۆ داوای یاسایی و شکاتی بنەماڵەی ئەمینی لە بکوژانی منداڵەکەیان نەکراوە.

ساڵح نیکبەخت هاوکات لەگەڵ تانەداندا لە بۆچوونەکەی پزیشکیی داد کە «جەڵدەی دڵ» لەبەر «نەخۆشیی پێشووتر»ی بە هۆکاری مردنی ژینا ئەمینی ڕاگەیاندبوو، داوای «لێکۆڵینەوەی دووبارە و پێکهێنانی لیژنەیەکی دیکە بە بەشداریی پزیشکانی ناسراو و جێمتمانەی کۆمەڵگەی پزیشکیی ئێران»ی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەم بابەتە کردبوو. بەڵام بەرپرسانی دەزگای دادوەری تانەدانی یاسایی ئەم پارێزەرەیان وەک «بانگەشەی دژ بە حکومەت» ڕاگەیاند و دۆسیەی یاساییان بۆ کردەوە.

ساڵح نیکبەخت ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠١ (١١ی مارسی ٢٠٢٣) لە بەردەم لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی موقەدەسی تاراندا ئامادە بوو و تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت»ی پێ ڕاگەیەنرا. ئەم پارێزەر و یاساناسە بە دانانی کەفالەت تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ژینا ئەمینی، ژنەکوردی خەڵکی سەقز، لە ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠١ (١٣ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە شەقامێکی تاراندا لە لایەن دەوریەی ئێرشادەوە (پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقیی کۆماری ئیسلامیی ئێران) لەبەر «ناتەواوبوونی حیجاب» و بە شێوەیەکی توندوتیژئامێز دەستبەسەر کرا و لە ماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێردا پاش گواستنەوەی بۆ بینای پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقیی تاران لە شەقامی وزەرا، بە هۆی قورسبوونی ئەو زەبرانەوە کە لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە بەر سەری کەوتبوو، لەسەر خۆ چوو و ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەسرا کرا. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو کراوەتەوە، ژینا کاتێک ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوو کە تووشی مەرگی مێشک ببوو و سێ ڕۆژ دواتر لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرماناندا (١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەست دا.

ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە و لە سیناریۆیەکی دووبارەدا ڕایگەیاند کە ژینا بە جەڵدەی دڵ و لەبەر نەخۆشیی پێشووتر گیانی لەدەست داوە، بەڵام بنەماڵەکەی وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم بانگەشەیە پێداگر بوون لەسەر ئەوە کە منداڵەکەیان پێش دەستبەسەربوون بەتەواوی تەندروست بووە. هەروەها چەند شایەتحاڵێکی مەیدانییش کە خۆیان لە ڕیزی دەستبەسەرکراوانی دەوریەی ئێرشاد لە کات و شوێنی دەستبەسەرکردنی ژینادا بوون و لە هەمان ئەو ئۆتۆمبێلەدا بوون کە ژینای پێ گوازرابوویەوە، دواتر پشتڕاستیان کردەوە کە هێزەکانی پۆلیس ژینایان بە قورسی ئەشکەنجە داوە و هۆکاری شکانی کاسەسەریشی هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لێدان و ئەشکەنجانە. بە وتەی ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، تا ئێستا هیچ ڕێکارێکی یاسایی لەسەر دۆسیەکە نەگیراوەتە بەر و هەموو لێکۆڵینەوەکان بەبێ ئامادەبوونی بنەماڵە و پارێزەر بەڕێوە چووە.