ڕۆژی شەممە ١٨ی خەرمانان (٩ی سێپتامبەر) چوار ئەندامی بنەماڵەی عیرفان خەزایی، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، لە ڕێی تەلەفۆنەوە بانگهێشت کراون بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شەهریاری پارێزگای تاران.

یەزدان خەزایی، برای عیرفان، لە لاپەڕەکەی خۆی لە ئینستاگرامدا ڕایگەیاندووە کە خۆی، باوکی، براکەی و هاوژینی براکەی دەبێ ڕۆژی یەکشەممە (ئەمڕۆ) سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات بکەن.

عیرفان خەزایی، هاووڵاتیی خەڵکی کەنگاوەری پارێزگای کرماشان و دانیشتووی شەهریاری پارێزگای تاران، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢١ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شەهریاردا بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

دامودەزگا ئەمنییەکانی حکومەت لەم حەفتانەی دوایی و لە سەروبەندی ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی و دەسپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، گوشارەکانیان بۆ سەر بنەماڵەی گیانبەختکردوان پەرە پێ داوە و سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی بانگەواز و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی گیانبەختکردوان هەڕەشەیان لێ کردوون.

سەفا عائیلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی، ئومید قەدیمی، برای فواد قەدیمی، ڕەزا بەبرنژاد، برای مێهدی بەبرنژاد، حەسەن دەرئوفتادە و ماردین دەرئوفتادە، باوک و برای کۆمار دەرئوفتادە، شەرمین حەبیبی، هاوژینی فەرەیدوون حەبیبی، ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی کەرەمی، عەبدوڵڵا ئەبووبەکری، باوکی زانیار ئەبووبەکری و شەهرووز حسەینپووری، برای ئازاد حسەینپووری، لە ڕیزی ئەو بنەماڵە دادخوازە کوردانەدان کە لە شارەکانی قووچان، پیرانشار، کەرەج، سەقز و مەهاباد لەم حەفتانەی دواییدا کەوتوونەتە بەر شەپۆلی بانگهێشت، هەڕەشە و دەستبەسەرکردنی هێزە ئەمنییەکانەوە. لە شارەکانی تری ئێرانیشدا دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان دەستیان داوەتە بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی بنەماڵەی دادخوازان.