ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی خەرمانان (١٦ی سێپتامبەر) هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی و دەسپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، کاسبکاران و بازاڕیانی شارەکانی سەقز، مەهاباد، پیرانشار، شنۆ، بۆکان، دیواندەرە، دێولان، سنە، بانە، مەریوان و کامێران لە مانگرتنی تەواودان.

هەروەها بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە شارەکانی ئیلام، ئاودانان و جوانڕۆوە بە دەستمان گەیشتووە، بەشێک لە دووکان و بازاڕی ئەم شارانەیش داخراون و هاووڵاتیان مانیان گرتووە.

سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەم شارانەوە دەڵێن مانگرتنی ئەم شارانە زۆر بەربڵاوە و هاوکات هێزەکانی یەکەی تایبەت لە شەقامە سەرەکییەکاندا جێگیر کراون و خێرایی ئینتەرنێتیش لەم شارانەدا کەم کراوەتەوە.

هەروەها لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆوە هێلیکۆپتەر و درۆن بەسەر شاری سەقز و گەڕەکی دەرەدرێژی کرماشاندا دەسووڕێنەوە.

بەپێی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی لە شاری سەقزی زادگەی ژینا ئەمینییەوە بە دەستمان گەیشتووە، دامودەزگا ئەمنییەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ڕۆیشتنی خەڵک بۆ گۆڕستانی ئایچیی ئەم شارە، دەرچەیەکی ئاوبەندی چراوەیسیان کردووەتەوە و بەم شێوەیە هەم ڕێگای سەرەکی و هەم ڕێگای لاوەکیی گۆڕستانەکەیان داخستووە.

هاوکات سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە کرماشانەوە باس لە جێگیرکردنی بەربڵاوی هێزەکانی یەکەی تایبەت و جلوبەرگ مەدەنییەکان لە شەقامە سەرەکییەکان و پارکەکانی ئەم شارەدا دەکەن.