تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ی ڕەزبەر (٢٨ی سێپتامبەر) ئەفخەم مورادیان، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، دوای زیاتر لە ٣ مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی لە زیندانی سەقز ئازاد کراوە.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ١ی پووشپەڕ (٢٢ی ژوەن) لە شەقامێکی شاری سەقزدا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانیش (١٩ی سێپتامبەر) لەگەڵ سامان پاشایی و خالید عەبدوڵڵازادەدا دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە گوازرابوونەوە بۆ زیندانی سەقز.

لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم هاووڵاتییە کراوەتەوە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.