سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٤ی خاکەلێوە (٢٣ی مارس) کۆڵبەرێکی ٣٥ ساڵان بە ناوی پەیمان ئەحمەدی لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی کرماشان کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٤ی خاکەلێوە (٢٣ی مارس) هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی کرماشان لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کۆڵبەرێک بە ناوی پەیمان ئەحمەدی دەسبەجێ کوژراوە.

دوای ڕووداوەکە تەرمی ئەم کۆڵبەرە ٣٥ ساڵەیە گوازرایەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی جوانڕۆ و لە ڕۆژی شەممەدا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکرایەوە.

گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە گواستنەوەی تەرمی پەیمان ئەحمەدی بۆ شارۆچکەی نەوسوود