عەلی سەعیدی هاووڵاتی کوردی خەڵکی ورمێ کە لە رۆژی ٢٠ی گەلاوێژەوە/ ٢٠١٩.٠٨.١١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ورمێوە دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی قورس لە بەندیخانە ئازاد کرا.
بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، رۆژی ١٧ی خەرمانان/ ٢٠١٩.٠٩.٠٨ بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی لە بەندیخانە ئازاد کرا. ئەو هاووڵاتییە کوردە رۆژی ٢٠ی گەلاوێژ لە گۆندی حوسنیەی ناوچەی سۆما و برادۆست لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو و پاش دوو هەفتە لێپێچینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە گواسترایەوە.
تۆمەتی ئەم هاووڵاتییە، هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان راگەێنراوە.
بە پێی ئەو ئامارانەی لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کۆکراونەتەوە، تەنیا لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا لانیکەم ٢٣ هاووڵاتی و چالاکی کورد لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە شارەکانی مەریوان، کامیاران، سنە، دیواندەرە، تاران، سەرپێڵی زەها و ورمێ… دەستبەسەر کراون.