بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، رۆژی ٢٨ی رەزبەر/ ١٠.٢٠، “یاسر نوری”، چالاکوانی کوردی خەڵکی جوانڕۆ پاش ئەوەی بۆ دادگای ئەم شارە بانگ کرا، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای چوار مانگ بەندکران، بۆ بەندیخانەی دیزڵ ئابادی کرماشان گوازرایەوە.

ئەم چالاکوانە کوردە، ١٥ی پوشپەڕی ١٣٩٤/ ۲۰۱۵.۰۷.۰۶ دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەی سێ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی کرماشان (ناسراو بە دەستبەسەرگەی مەیدانی نەفت) لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا و پاشان بە بارمتە ئازاد کرابوو.

یاسر نوری بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان” چوار مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ئەم سزایە پاشان لە دادگای پێداچوونەوەی کرماشان وەکوو خۆی پشتڕاست کرایەوە.

هەروەها تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی، شەوی ٣٠ رەزبەر/ ١٠.٢٢ چالاکوانێکی کرێکاریی کورد بە ناوی “سامان مەلێکی” دانیشتووی سنە لە کاتی گەڕانەوەی لە هۆڵی وەرزشی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

دەگوترێت، تۆمەتی ئەو چالاکوانە کوردە بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانی هاوڵاتییانی سنە راگەیەندراوە.

جێگای ئاماژەیە کە خەڵکی سنە و زۆربەی شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات پاش هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان رژانە سەرشەقامەکان و دژ بە هێرشەکەی تورکیا ناڕەزاییان دەربڕی.