ڕۆژی چوارشەممە ٥ی گوڵان (٢٤ی ئاوریل) ٦ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی ئێحسان گوڵابی، ئارام خالیدی‌نەسەب، عەلیڕەزا محەممەدیی ئەرشەد، ئیسماعیل تەجەللا، هیوا مەحموودی و محەممەد (دیاکۆ) ئیبراهیمی کە لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لەم شارە دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کران.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتیانە لە بەفرانباری ١٤٠١ (ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی پیرانشاردا بەڕێوە چوو و دواتر بە شێوەی نووسراو پێیان ڕاگەیەنرا کە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی حوکمەکە، محەممەد (دیاکۆ) ئیبراهیمی، ٣٠ ساڵان و ئێحسان گوڵابی، ٢٠ ساڵان، بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا»، «پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی وڵات»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «وێنەهەڵگرتن لە شوێنە دەوڵەتییەکان» هەرکامە بە گشتی سزای ١٤ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە کە بەپێی مادی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی (یاسای کۆکردنەوەی سزاکان) ٥ ساڵی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەم دۆسیەیەدا هیوا مەحموودیی ٣٣ ساڵانیش بە تۆمەتی «پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی وڵات» سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

هەروەها عەلیڕەزا محەممەدیی ئەرشەد، ٢٣ ساڵان، ئیسماعیل تەجەللا، ٢٣ ساڵان و ئارام خالیدی‌نەسەب، ٢٤ ساڵان، بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا»، «پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی وڵات» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» هەرکامە بە گشتی سزای ٦ ساڵ و ١١ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە کە بەپێی مادی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی (یاسای کۆکردنەوەی سزاکان) ٣ ساڵ و ٧ مانگی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەم شەش هاووڵاتییەی خەڵکی گوندی «پسوێ»ی پیرانشار، ڕۆژی ٥ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٢٧ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە پیرانشاردا دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.

ئەم کەسانە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان برانە زیندانی نەغەدە و ڕۆژی ٨ی گەڵاڕێزان (٣٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.