سۆما پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و لە ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی «نۆژین»، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» سزای ١٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی کرماشانی بەسەردا سەپا.

لە چەند مانگی ڕابردوودا سێ ئەندامی دیکەی دەستەی بەڕێوەنەری ئەنجومەنی نۆژین بە ناوەکانی سەیوان ئیبراهیمی، سروە پوورمحەممەدی و ئیدریس مینبەری هەر بەم تۆمەتە سزای ١٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی نۆژین لە ڕێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣دا (١٧ی ئاوریل) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەرەمی بەڕێوە چووە و ڕۆژی شەممە ١ی گوڵان (٢٠ی ئاوریل) بە شێوەی فەرمی حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنراوە.

ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتریش لە لایەن لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەریی دووی سنەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» سزای ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپابوو.

سۆما پوورمحەممەدی ڕۆژی ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٢ (١٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە کاتێکدا کە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئیدریس مینبەری، هاوژینی خۆی و لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەنەری ئەنجومەنی نۆژین، سەردانی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەی کردبوو، دەستبەسەر کرا و لە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕێبەنداندا (١٣ی فێبرییەی ٢٠٢٣) بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.