دوای تێپەڕینی ساڵێک و حەوت مانگ لە دەستبەسەرکردنی سامان یاسین، هونەرمەندی کوردی خەڵکی کرماشان کە لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە تاراندا دەستبەسەر کرا، دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران سزای ٥ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی شەهربابەکی پارێزگای کرمانی بەسەردا سەپاند. ئەم هونەرمەندە پێشتر بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو بەڵام دیوانی باڵای ئێران لەبەر ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، سزاکەی هەڵوەشاندەوە و دۆسیەکەی بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە ناردەوە بۆ دادگای بڕیاردەری یەکەم.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دادگای سامان یاسین لەم مانگانەی ڕابردوودا چەندین جار بە بیانووی جۆراوجۆر هەڵوەشایەوە و کاتی بەڕێوەچوونی بەردەوام دوا دەخرا، تاکوو دواجار لە ٢٩ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا (١٧ی ئاوریل) لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد بەڕێوە چوو و ڕۆژی یەکشەممە ٢ی گوڵان (٢١ی ئاوریل) بە فەرمی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەنرا کە سزای ٥ ساڵ بەندکران لە مەنفادا بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی وڵات» بەسەر سامان یاسیندا سەپێنراوە. حوکمەکە بۆ تێهەڵچوونەوە دەبێت و پارێزەرەکەی بەتەمایە تانەی لێ بدات و داوای پیاچوونەوەی بۆ بکات.

سامان یاسین لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە مافی پشووی کاتی بێبەش بووە و دوو جار ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزیشکی کراوە. هەروەها حەفتەی ڕابردوویش بە مەبەستی نەشتەرگەریی لووت لە نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زینداندا خەوێنرابوو. ئەم هونەرمەندە زیندانییە لە کاتی دەستبەسەبوون و لێپرسینەوەدا خرابووە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی سەختەوە و هەر بۆیە کونەلووتی لای چەپی هەڵدڕابوو.

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، گۆرانیبێژی ڕەپی خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٣٠ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەوپەڕی توندوتیژیدا دەستبەسەر کرا. ئەم هونەرمەندە دوای دەستبەسەرکران سەرەتا برایە دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤین و پاشان ڕەوانەی زیندانەکانی فەشافوویە و ئێڤین کرا.

هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێران لە ڕێکەوتی ٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١دا (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) هەواڵی بەڕێوەچوونی دادگای چەند خۆپیشاندەرێکی دەستبەسەرکراویان بڵاو کردەوە کە ناوی سامان یاسین (سەیدی)یشی تێدا بوو. هەر لەم ڕۆژەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دانپیانانە زۆرەملێیەکانی ئەم گۆرانیبێژە لە ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا بڵاو کرایەوە و وترا کە تۆمەتی «موحارەبە» و «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد دەر کرا و لە زیندانی ئێڤیندا پێی ڕاگەیەنرا. لە سەرەتای بەفرانباری ١٤٠١دا (کۆتاییەکانی دیسامبەری ٢٠٢٢) دیوانی باڵای ئێران دوای لێکۆڵینەوە لە داواکاریی تێهەڵچوونەوەی سامان یاسین، بە هۆی ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانەوە حوکمەکەی هەڵوەشاندەوە و بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە هەناردیە بەردەم دادگای یەکەم کە حوکمەکەی دەرکردووە. لە بەرگەی تۆمارکردنی بارودۆخی ئەم زیندانییە سیاسییەدا کە لە زیندان پێی ڕاگەیەنراوە، تۆمەتی «پیلانگێری بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی وڵات» و «تێکدانی ئارامی و هێمنایەتیی گشتی» وەک تۆمەتەکانی ڕاگەیەنراوە.

سامان یاسین پاش دەستبەسەربوون چەندەها جار بە قورسی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی دراوە. بەندکران لە ژووری تاکەکەسیدا، بەندکران لە ژوورێکدا کە بە ساردخانە ناسراوە، لێدان و ئەشکەنجەدانی قورس، ڕۆکردنی قەڵەم بە کونەلووتی چەپیدا و هەڵدانە خوارەوە لە پلەکانەکانی بەندی ٢٤١ـەوە لەو ئەشکەنجانەن کە لەم ماوەیەدا لەسەر ئەم هونەرمەندە کوردە جێبەجێ کراوە و سامان لە ئەنجامی ئەم ئەشکەنجانەدا ناچار کراوە لە بەردەم کامێرادا ددان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.

هەروەها تا ئێستا چەندین جار وەک ناڕەزایی لە ئاست دۆخی قورسی مانەوەی لە زینداندا و نادیارمانەوەی دۆسیەکەی، مانی لە خواردن گرتووە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٠ی دێسامبری ٢٠٢٢) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر دۆخی قورسی راگیران لە هۆڵی ٣١ی بەندی ١٠ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجدا، لە ڕێگای هەڵدانی ژمارەیەکی زۆری حەبەوە هەوڵی خۆکوشتنی دابوو کە دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی زیندان و باشبوونەوەی ڕێژەیی تەندروستی، ڕەوانەی بەندی سیاسیی ئەم زیندانە کرا.

سامان یاسین دوو جار لە ڕێکەوتەکانی ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠١ (٢٢ی جولایی ٢٠٢٢) و ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٢دا (٥ی مارسی ٢٠٢٤) بە فەرمانی دادوەر ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزشکیی ئەمین‌ئاباد کرابوو و دوای چەند ڕۆژ خەواندنی زۆرەملێ، سەرلەنوێ گەڕێنرابوویەوە بۆ زیندان.

ئەم هونەرمەندە زیندانییە پێشتر لە فایلێکی دەنگیدا کە لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە بڵاو کرایەوە، سەبارەت بە خەواندنی زۆرەملێی لەم نەخۆشخانەیەدا وتبووی: «دوای گواستنەوەم بۆ نەخۆشخانەی ئەمین‌ئاباد، چەند سەرباز و فەرمانبەرێکی زیندان بە زۆر بە تەختی نەخۆشخانەکەیانەوە بەستم، دەستەکانم بە کەلەبچە و قاچەکانم بە پێبەند، دەرزییەکیان لێ دام، لە قۆڵیان دام، کە تا ٢٤ کاتژمێر بێهۆش کەوتم».

سامان یاسین ڕۆژی ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ (٢٧ی فێبرییەی ٢٠٢٤) لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران، وێرای ئاماژەدان بە ١٨ مانگ مانەوە لە دۆخی هەڵپەسێردراوی لە زیندانەکانی تاران و کەرەجدا و بەڕێوەنەچوونی کۆبوونەوەی دادگا بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی، نووسیبووی: «من سامان یاسین ١٨ مانگە لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو و لە نێوان زیندانەکانی تاران و کەرەجدا جێگۆڕکێم پێ دەکرێت و بەبێ هیچ بەڵگە و هۆکارێک توندی زیندان کراوم. لەم ١٨ مانگەدا چەندین جار کاتی دادگاییکردنم بۆ دیاری کراوە بەڵام بەڕێوە نەچووە و هەڵوەشاوەتەوە. تا ئێستایش بە دەست کێشەی ڕۆحی و دەروونی و جەستەییەوە دەناڵێنم و بەرپرسانی بێکەڵک و بێتوانا تەنانەت نەیانتوانیوە ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیشم بکەن».