مەتین حەسەنی، برینداری چاوی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ (٢٠١٩)ی بۆکان، بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بانگهێشتی بەردەم لقی یەکەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی بۆکان کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە بانگهێشتنامەیەکدا کە ڕۆژی ٣٠ی خاکەلێوە (١٨ی ئاوریل) دەرکراوە، داوا لەم هاووڵاتییە کوردە کراوە لە ماوەی ٥ ڕۆژ دوای بانگهێشتنامەکەدا سەردانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی بۆکان بکات.

مەتین حەسەنیی ٢٣ ساڵان لە ڕێکەوتی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢دا (٢٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرا و لە رێکەوتی ٣ی ڕەشەمەدا (٢٢ی فێبرییەی ٢٠٢٤) بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

ئەم خۆپیشاندەرەی خەڵکی بۆکان ڕۆژی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ (١٦ی نۆڤامبەری ٢٠١٩) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و چاوی چەپی بریندار بوو. سەرەڕای تێپەڕینی ٤ ساڵ بەسەر ئەم ڕووداوەدا، لەبەر ئەوەی ساچمەکە بەر دەماری چاوی کەوتووە و بۆ نەشتەرگەری نابێت، هێشتا ساچمەیەک لە چاوی چەپیدا ماوەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر و لە سەرماوەزی ١٣٩٨یشدا (دیسامبەری ٢٠١٩)، کاتێک کە لە ناوەندێکی پزیشکیی تاران لە ژێر دەرماندا بوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا. مەتین حەسەنی لە یەک ساڵی ڕابردوودا لەبەر سەردان و دیدارکردن لەگەڵ بنەماڵە دادخوازەکاندا و چوونەسەر گۆڕی گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی لێ کرابوو.