بە پێی راپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕێکەوتی ٢٠ رەزبەر/ ١٠.١٢ دەیان خۆپیشاندەر لە چوارچێوەی گردبوونەوەی ناڕەزایی هاوڵاتیانی ورمێ لە دژی هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوا) دەستبەسەرکران. دووان لەو هاوڵاتیانە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. کۆمەڵێکی دیکەش هێشتا هەر دەستبەسەرن و ژمارەیەکیش بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.

دوو ژن بە ناوەکانی “سومەیە ساکانی” و “کەوسەر ئیسماعیلی” پاش ئەوەی دەستبەسەر کران بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازراونەتەوە و هێشتا هەر دەستبەسەرن.

هەورەها دەگوترێت، ژنێکی دیکە کە تا ئێستا زانیاریی ورد سەبارەت بە ناوی تەواوی لەبەر دەست دا نییە، بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، دوو کەس لە هاوڵاتیە دەستبەسەرکراوەکان بە ناوەکانی “کەیوان زارع” و “رەزا ئیسماعیلی” لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر چابوک بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی” دادگایی کراون و هەر کامەیان بە ساڵێک بەندکران سزادراون. ئەم دوو هاوڵاتییە ئێستا لە بەندی گەنجانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بەند کراون.

بە پێی ئەو راپۆرتانەی بە دەستی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتوون، “ئومید مەلێکی” هاوڵاتیی کورد کە هەفتەی پێشوو دوای دەستبەسەرکردنی بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ گوازرابووەوە، بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازراوەتەوە.

هەروەها بە پێی وتەی سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لانیکەم ١٠ کەس لە دەستبەسەرکراوان بۆ هۆڵی “وەرگرتن”ی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواستراونەتەوە و لەوێ دەستبەسەرن. ئەم هۆڵە کەوتووەتە دووریی ٢٠٠ مەتری بەندیخانەکە و هیچ رێگەیەکی پەیوەندیی لەگەڵ دەروە نییە. هەر بۆیە سەبارەت بە ناسنامەی ئەو کەسانەی تێیدا دەستبەسەرن لەبەر دەست نییە.

هەر بەم پێیەش نیگەرانی ئەوە هەیە ئەم کەسانەش دادگایی کرابن و سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابێت.

جێی ئاماژەیە، پاش هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، خەڵک لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات وەکوو مهاباد، ورمێ، خۆی، پیرانشار، سەردەشت، بۆکان، سەقز، بانە، مەریوان، سنە، دێولان، دیواندەرە، کرماشان، جوانڕۆ، پاوە، روانسەر، ئیلام و ئەیوان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەبرد و ئەم هێرشەیان مەحکوم کرد. بە پێی راپۆرتەکان، دەیان هاوڵاتییان لەو شارانە دەستبەسەر کراون، یان بانگ کراون و هەرەشەیان لێکراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر لە توێی راپۆرتێکدا ناوی ژمارەیەک لەو هاوڵاتییانەی بڵاوکردبووەوە.