بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هاوڵاتییەکی خەڵکی گوندی “نێ” بەناوی “پشتیوان ئەفسەر” کە پێشتر لە کاتی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵولە لە شاری مەریوان دەستبەسەرو دوایی جەند هەفتە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو، لە کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ / ٢٠٢٠.٠١ بەتۆمەتی “هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران” لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی سنەوە بە ٩ ساڵ بەندکران سزادرا. هەروەها ڕۆژی ڕابردوو دوو منداڵی خەڵکی ئەو گوندە بەناوەکانی “ئۆسامە بامداد” و “حەمید ئەژدەری” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون و گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

سەرچآوەیەکی باوەڕپێکراو لەو بارەیەوە لەلێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “پشتیوان ئەفسەر ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەر / ٢٠١٩.١١.١٩ لەکاتی خۆپیشاندانەکانی گشتی لە ئێڕان دژ بە بەرزبوونەوەی کوتوپڕی نرخی بەنزین لە شاری مەریوان دەستبەسەرکرا و ڕۆژی ٢٣ی سەرماوەز /  ٢٠١٩.١٢.١٤، بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تمەنی ئازادکرابوو”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هەروەها ڕۆژی ڕابردوو ١٩ی ڕێبەندان / ٠٢.٠٨، هێزە ئەمنییەکان دوو منداڵی خەڵکی گوندی “نێ” بەناوەکانی “ئوسامە بامداد” و “حەمید ئەژدەری”یان لە یانەیەکی وەرزشی ئەو گوندەدا دەستبەسەرکردووە و بردوویانن بۆ شوێنێکی نادیار.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکار و شوێنی دەستبەسەرکرانی ئەو دوو منداڵە لە بەر دەستدا نییە.