بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا “وەلی نەسیری”، لە سنە و “سەید وەهاب عەلیزادە” لە شنۆ پاش ئەوەی سزاکانیان لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاستکراوەتەوە، لە بەندیخانەکانی ئەو شارانەدا بەندکراون.

وەلی نەسیری لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی پار / ٢٠١٩.٠٣.١٩، دەستبەسەرکرا و پاش ١٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازادکرابوو. ناوبراو ڕۆژی ١١ی خەرمانان / ٢٠١٩.٠٩.٠٢ لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر “سەعیدی”  بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران” بە ٥ ساڵ و بە تۆمەتی “بانگەشە دژ بە کۆماری ئیسلامی” بە ساڵێک بەندکردن سزادرابوو. بەپێی مادەی یاسای ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی ٥ ساڵ لەو سزایە جێبەجێ دەکرێت.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پاش ئەوەی سزاکەی لە دادگای پێداچوونەوەی سنەدا وەک خۆی پشتڕاست کراوەتەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنەدا بەندکراوە.

سەید وەهاب عەلیزادە، هاووڵاتی خەڵکی گوندی “بێژەن ئاوا”ی شنۆش لە ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ئەمساڵدا / ٢٠١٩.٠٦.٣٠ دەستبەسەرکرابوو و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازادکرابوو. ناوبراو پاشان لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی حزبێکی کوردستانی” بە ٣ ساڵ بەندکران سزادرابوو.

ئەو سزایە سەرەنجام لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ورمێوە وەک خۆی پشتڕاستکرایەوە و ئەو هاووڵاتییەش ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕێبەندان / ٠٢.١٦ لە بەندیخانەی شنۆ بەندکرا.