بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە کۆکراوەتەوە، لە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵدا ٢٣ هاوڵاتی و چالاکوانی مەدەنیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون و ١٤ی هاوڵاتی دیکەش بە سزای بەندکرانەوە لە بەندیخانەکان بەندکراون.

بەگوێرەی دوایین زانیاییەکان، ئەو هاوڵاتیانەی لەو مانگەدا دەستبەسەرکراون هێشتا لە دەستبەسەرگەکاندان یان ئەوەی هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دوایین ڕەوشیان لەبەر دەستدا نییە.

زیاتری ئاماری دەستبەسەرکراوەکان لەم مانگەدا تایەبەتە بە شارەکانی سنە و ورمێ کە لە هەر کامەیان دا ٤ هاوڵاتی دەستبەسەرکراون، لە هەر کامە لە شارەکانی سەقز و مەریوانیش ٣ هاوڵاتی دەستبەسەرکراون.

سەبارەت بەو هاوڵاتیانەی لەم مانگەدا بە سزای بەندکرانەوە لە بەندیخانە جیاوازەکاندا بەندکراون، پێویستە بگوترێت کە زیاترین ئامار تایبەتە بە شاری بۆکان کە لەو مانگەدا ٥ هاوڵاتی لە بەندیخانەی ئەو شارەدا بەندکراون، لە هەر کامە لە شارەکانی سنە و مەریوانیش ٣ هاوڵاتی بەندکراون.