بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی شەممه٣١ی جۆزەردان، سیروان ڕەحیمی، چالاكی ژینگەپارێزی خەڵكی دێولان کە بە مەبەستی بەدواداچوونی دۆسییەكەی سەردانی دادگای ئینقلابی سنەی كردبوو، دەستبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی سزاكەی كه ١٣ مانگ زیندانە، نێردرواه بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شاره.
ئەم چالاكه ژینگەپارێزە ئەندامی ئەنجومەنی چیای سەوزی لەیلاخه و له ڕێكەوتی ٦ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوودا له لایەن هێزه ئەمنیەتییەكانەوه له دێولان دەستبەسەر کرا و نێردرابووه دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنه. ناوبراو دوای ٣ مانگ لێپرسینەوه لەم ناوەندە ئەمنیەتییەدا گوێزرابویەوە بۆ زیندانی سنه و له سەرەتاكانی مانگی ڕەشەمەدا به دانانی بارمتەی دووسەد میلیۆنی ئازاد كرابوو.
ناوبراو لە كۆتاییەكانی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا له لایەن دادگای ئینقلابی سنەوه به تۆمەتی هاوكاریکردنی یەكێك له حیزبه ئۆپۆزیسیۆنه كوردییەكان، سزای ١٣ مانگ زیندانی به سەردا سەپابوو، ئەم حوكمه ماوەیەك پێش ئێستا له دادگای پێداچوونەودا دیسانەوە پەسەند كرا.