دوای تێپه‌ڕینی حه‌فته‌یه‌ك بەسەر ده‌ستبه‌سه‌ربوونی چالاكی مه‌ده‌نیی كورد “ئه‌فشین شێخو‌لئیسلامیی وه‌ته‌نی” له شاری سنە سنه، بنه‌ماڵه‌ی ناوبراو هیچ زانیارییه‌كیان له سه‌ر شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی كوڕه‌كه‌یان نییه.
نێگین شێخو‌لئیسلامیی وه‌ته‌نی، خوشكی ئه‌م چالاكه مه‌ده‌نییه له‌م باره‌وه به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی ڕاگه‌یاند: «حه‌فته‌یه‌كه هیچ هه‌واڵێكمان له براكه‌م نییه، له كاتێكه‌وه له ماڵه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ریان كردووە و بردوویانە، ئیتر هیچ پێوه‌ندییه‌كی له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا نه‌گرتووه، به‌دواداچوونه‌كانی دایك و باوكم و سه‌ردانیشیان بۆ ئیداره‌ی ئیتڵاعات و دادگای سنه، تا هه‌نووكه بێ‌ئاكام بووه و ئێمه هێشتا نازانین ئه‌فشین له كوێیه و تۆمه‌تی چییه».
به‌پێی یاسای دادگایی‌کردنی كه‌یفه‌ری، دادوه‌ران ده‌بێ هۆی ده‌ستبه‌سه‌ربوون و تۆمه‌تی كه‌سی ده‌ستبه‌سه‌ركراو به زووترین كات ڕون بكه‌نه‌وه و به شێوه‌ی نووسراو به تۆمه‌تباری ڕابگه‌یه‌نن و له ماوەی بیست‌وچوار كاتژمێردا ده‌بێ داواکاری گشتی لەم بابەتانە ئاگادار بکرێتەوە. هه‌روه‌ها مافی پێوه‌ندیگرتنی ته‌له‌فۆنی و چاوپێكه‌وتنی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌دا له مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی كه‌سانی ده‌ستبه‌سه‌ركراو و بنه‌ماڵه‌یانه. به داخه‌وه ڕێوشوێنە یاساییەکان له ده‌ستبه‌سه‌ركردنه بێ‌مانا و نایاساییەکانی هاووڵاتییاندا له لایه‌ن ڕێكخراوه ئه‌منیه‌تییه‌كانی كۆماری ئیسلامیه‌وە ڕه‌چاو ناكرێت.
خوشكی ئه‌فشین شیخو‌لئیسلامی ئاماژەی بەوە دا کە ساڵی پار براكه‌ی دوای ماوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌سه‌ربوون مه‌حكووم كرابوو به سێ مانگ زیندان و وتی كه دۆسیه‌كه‌ی وەک دۆسیەیەکی داخراو لە قەڵەم دراوە، ناوبراو نیگەرانیی خۆی لە ئاست ده‌ستبه‌سه‌ربوونی دووباره‌ی ئه‌م چالاكه مه‌ده‌نییه بێئه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌كه‌ی ڕوون كرابێته‌وه. ده‌ربڕی و وتی: «ئه‌فشین دوو ساڵ پێش بە مەبەستی پێڕاگەیشتنی دۆخی نالەباری دایك و باوكم كه نه‌خۆشن، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ئێران و زیاترین كاتی له‌ماڵه‌وه بووه و وه‌ك په‌ره‌ستارێك وه‌ختی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا به‌سه‌ر بردووه. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی ١٣٩٧دا ده‌ستبه‌سه‌ر كرا ئیجازه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئه‌و وڵاته‌ی كه له‌وێ ده‌ژی پێ نه‌درا. ئه‌م ڕێگه‌پێنه‌دانه ته‌نانه‌ت دوای ده‌رچوونی حوكمه‌كه‌ی و داخرانی دوسیه‌كه‌یش هەر درێژه‌ی هەبوو تا ئه‌وه‌ی كه دیسان بێ هێچ هۆیه‌ك ده‌ستبه‌سه‌ریان كرده‌وه».
ئه‌فشین شیخو‌لئیسلامی له‌ڕێكه‌وتی ٧ی پووشپه‌ڕ له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له سنه، له لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌تییه‌كانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ئیتڵاعات ده‌ستبه‌سه‌ر كرا. ئه‌م چالاكه مه‌ده‌نییه پێشتریش لە کاتی دەستگیرکردنی بەربڵاو و دەستەجەمعیی چالاکانی ژینگەپارێز و ئەندامانی لقی کوردستانی حیزبی یەکێتیی نەتەوەییدا، لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ لە سنەدا دەستبەسەر کرا و دوای مانگێک لە ٢٨ی سەرماوەزدا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا. دواتر لە دادگادا بە تۆمەتی «پڕوپاگەندەی دژ بە حکوومەت» لە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٨دا حوکمی ٩١ ڕۆژ زیندانی بۆ بڕایەوە، بەڵام بە حسێبکردنی ماوەی دەستبەسەربوون و هەروەها لەبەر دۆخی نالەباری زیندانەکان لە ئەنجامی کەوتنەوەی پەتای کۆرۆنادا، پاشماوەی حوکمەکەی ئەو و ٤ چالاکی دیکە بەخشرا.
ئەم چالاکە کوردە کە دانیشتووی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکایە، لەم دوو ساڵەی دواییدا لەبەر حوکمی «قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە»ی لە ئێران کە لە لایەن لقی دووی لێپرسینەوەی دادسەرای سنەوە دەرکراوە، نەیتوانیوە بگەڕێتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونەکەی خۆی لە ئامریکا.
“ئەفشین شێخو‌لئیسلامیی وەتەنی” تا ئێستا چەندین جار بە هۆی چالاکیی سیاسی و مەدەنییەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کراوە و لانیکەم چوار جار لە لایەن ڕێکخراوە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، یەک لەوانە دەگەڕێتەوە بۆ بەفرانباری ١٣٨٩ کە وێڕای کۆمەڵە چالاکێکی سیاسی و مەدەنیی دیکە لە ماڵی “حەبیب لەتیفی”دا دەستبەسەر کرا، ئەو کەسانە هەوڵیان دەدا بەر بە لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە بگرن. حوکمی لەسێدارەدانی حەبیب لەتیفی لە ئاکامی هەر ئەم هەوڵانەدا پووچەڵ کرایەوە و گۆڕرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی. ئەودەم چالاکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لەوانە “ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی”، لە ئاست دەستگیرکردنی ئەفشین شێخو‌لئیسلامیی وەتەنی و چالاکانی دیکەی دژی ئێعدامدا، ناڕەزایەتییان دەربڕی.