به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٠ی گه‌ڵاڕێزان، پێنج هاووڵاتیی خه‌ڵكی گوندی «زه‌ردۆیی» پاوه له پارێزگای كرماشان به ناوه‌كانی بیلال بابایی، بێهنام وه‌یسی، یاسر حه‌یده‌ری، ئه‌حمه‌د بیابانی و سمكۆ مه‌حموودی، دوای بانگهێشتكردنیان له رێگه‌ی ته‌لەفۆنه‌وه بۆ ئیتلاعاتی سپای پاوه ده‌ستبه‌سه‌ر كران.
له ناو ئه‌م كه‌سانه‌دا، سمكۆ حه‌یده‌ری به دانانی بارمته ئازاد كراوه و ئه‌و چوار هاووڵاتییه‌كه‌ی‌تر هێشتا هه‌ر ده‌ستبه‌سه‌رن.
ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئه‌م كه‌سانه دوابه‌دوای ئەو تێکهەڵچوونە بوو کە له نێوان دانیشتوانی گوندی «زه‌ردۆیی» و هێزه‌كانی پۆلیس و سپای پاسداران‌دا ڕووی دا و خەڵکی ئەو گوندە لە ئاست دەستبەسەرداگرتنی باری كاسبكارانی سەرسنووردا ناڕەزاییان دەربڕی.
ڕۆژی ١٥ی گه‌ڵاڕێزان دوابه‌دوای ئەوەی هێزه‌كانی پۆلیس و سپا له گوندی «زه‌ردۆیی» به‌شی باینگانی پارێزگای كرماشان کەوتنە دوای ئۆتۆمبیلەکانی ژماره‌یه‌ك له كاسبكارانی سەرسنوور و هه‌وڵیان دا ده‌ست به‌سه‌ر باری ئەو كاسبكارانەدا بگرن، بۆ چەند كاتژمێرێك تێکهەڵچوون و گرژی لە نێو گوندەکەدا ڕووی دا و هێزه سنوورپارێزەكان تەقەیان لە خه‌ڵكە ناڕازییەکە کرد.