لە درێژەی شه‌پۆلی نوێ و به‌ربڵاوی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی هاووڵاتییان و چالاكوانانی كورد لە شارە جیاوازەکاندا کە لە ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبارەوە (۹ی ژانویه ۲۰۲۱) دەستی پێ کردووە، رۆژی ڕابردوو هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی عادڵ پەروازە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە مەریوان دەستبەسەر کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ژمارەی دەستگیرکراوانی ئەم دواییانە لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، ڕەبەت لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژائاوا و سنە، مەریوان، سەوڵاوا لە پارێزگای کوردستان و هەروەها شارەکانی تاران و کەرەج، تا ئێستا لانیکەم گەشتۆتە ٢٤ کەس.
هێزە ئەمنییەکان بەبێ ئەوەی حوکمی یاسایی نیشان بدەن، لەگەڵ توندوتیژیی زمانی و هەندێ جاریش جەستەییدا ئەم کەسانەیان دەستبەسەر کردووە، هەروەها شوێنی ژیان و کاری زۆربەی دەستبەسەرکراوان کەوتۆتە بەر پشکنینەوە و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر هەندێ لە کولوپەلە شەخسییەکان و لەوانە مۆبایل، لەبتاب و…ی ئەواندا گرتووە.

هەندێ لە دەستبەسەرکراوان لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، تاران و کەرەج دوو ڕۆژ دوای دەستبەسەربوون توانیویانە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بگرن و لەو پێوەندییانەدا وتوویانە کە گواستراونەتەوە بۆ ورمێ و ئێستە لە دەستبەسەرگەی ئەمنیەتیی ٧ی تیردان کە لە بنکەی ئەلمەهدیی ئەو شارەدایە و لە ژێر چاودێریی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداراندایە.
هەروەها بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستمان گەشتووە، دەستبەسەرکراوانی سنە، مەریوان و سەوڵاوایش ڕەوانەی دەستبەسەرگەی شەهرامفەری دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری سنە کراون. هەندێ سەرچاوەش لەم شارەدا باسی دەستبەسەرکردنی ژمارەیەکی زیاتر لە چالاکوانانی سنە دەکەن، بەڵام تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هێشتا نەیتوانیوە ئەم هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە و ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەشتووە و سەرچاوە ئاگادارەکانی ئەم ڕێکخراوەیە پشتڕاستیان کردۆتەوە، ناو، شوێن و بەرواری دەستبەسەرکردنی ئەم ٢٧ هاووڵاتی و چالاکوانە کوردەی لە ڕەوتی نوێی دەستبەسەرکردنە بەربڵاوەکانی کوردستاندا دەستگیر کراون بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

  • شەممە ٢٠ی بەفرانبار(۹ی ژانویه ۲۰۲۱)
    ئەسرین موحەممەدی لە تاران
    ئارام یووسفی لە سنە
    فەرزاد سامانی و سوهەیب بادرووج لە کەرەج
    شەپۆل خزری، دەریا تاڵەبانی، سالار ڕەهوی، سیروان نووری، ئەفشین مام‌ئەحمەدی، سیروان حسەینزادە و ئیمان عەبدی لە مەهاباد
    بەهمەن یووسفزادە، فەرهاد مووساپوور و فەرەیدوون مووساپوور لە ڕەبەت
    عەزیمە ناسری لە بۆکان
    دانا سەمەدی، سیروان کەریمزادە، کاروان مینایی و زانیار موعتەمێدی لە مەریوان
  • یەکشەممە ٢١ی بەفرانبار(١٠ی ژانویه ۲۰۲۱)
    جەبار پیرووزی لە مەریوان
  • دووشەممە ٢٢ی بەفرانبار(١١ی ژانویه ۲۰۲۱)
    حسەین گەردشی لە بۆکان
  • سێشەممە ٢٣ی بەفرانبار(١٢ی ژانویه ۲۰۲۱)
    عادڵ پەروازە لە مەریوان
    سیامەک ئەدوایی و ئەکرەم ئەدوایی لە سەوڵاوا

    کاوە کرماشانی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وێڕای ڕاگەیاندنی ئەوەی کە مەزەندە دەکرێ ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەم دواییانە لەمەش زیاتر بێت، سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن و بواری چالاکیی ئەم کەسانە وتی: «زۆربەی دەستبەسەرکراوانی ئەم دواییانە لە بوارە جۆراوجۆرە مەدەنی، کولتووری، ژینگەپارێزی و خوێندکارییەکاندا چالاک بوون ق هەندێکیشیان هاووڵاتیی ئاسایین. هێزە ئەمنییەکان نەتەنیا هیچ حوکم و هۆکارێکی یاساییان بۆ دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانە نیشان نەداوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی نایاسایی و سەرەڕۆیانە و بە پەنابردن بۆ توندوتیژیی زمانی و جەستەیی دەستبەسەریان کردوون. سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم دەستبەسەرکراوانە، هێشتا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەسەر تۆمەتەکانی سەر ئەم کەسانە بەردەست نەکەوتووە.»

ناوبراو ئەم دەستبەسەرکردنانە بە درێژەی ڕەوتی هەمیشەیی سەرکوتکردنی هاووڵاتییان و چالاکوانانی ڕەخنەگری سیاسەتەکانی حکوومەت دەزانێت و دەڵێت: «ئەم شێوازە هەڵسوکەوتەی حکوومەت شتێکی تازە نییە و لەم ساڵانەی دواییدا هیچ‌کات ئەم ڕەوتە نەوەستاوە کە ئێستە بمانەوێ باسی دەستپێکردنەوەیەکی دووبارە بکەین. تەنیا ئەوەیە کە هەندێ جار ئەم ڕەوتە بەربڵاوتر دەبێتەوە و ئێستەیش کە لانیکەم ٢٤ کەس لە تەنیا ٤ ڕۆژدا لە چەندین شاری جیاوازدا دەستبەسەر کراون، درێژەی هەمان ئەو ڕەوتە هەمیشەییەی دەستبەسەرکردن و سەرکوتکردنی هاووڵاتییان و چالاکوانانی کوردە».
ئەم چالاکوانەی مافی مرۆڤ وێڕای ئاماژەکردن بە نموونە هاوشێوەکانی دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ لەم ساڵانەی دواییدا، سیناریۆسازیی ئەمنیەتی و زەخت و گوشار بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە بە میتۆدێکی ئاسایی و ناسراو لە کاتی دەستگیرکردنی بەکۆمەڵدا دەزانێت و دەڵێت: «وا دیارە بەشێکی ئەم دەستگیرکردنە هاوکات و بەکۆمەڵە پێوەندیی بە دۆسیەسازیی هاوبەشی دەزگا ئەمنییەکانەوە هەیە». ناوبراو بە ئاماژەدان بە ئەگەری سیناریۆسازی و دۆسیەسازییەکان، نیگەرانیی خۆی لە ئاست بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردنەکان، دۆخی ڕاگرتنی دەستبەسەرکراوان و هەروەها ئەگەری بەکارهێنانی ئەشکەنجە و گوشاری دەروونی و جەستەییدا دەربڕی و داوای لە ڕای گشتی، دامەزراوە و چالاکانی مافی مرۆڤ کرد ناڕەزایی خۆیان لە ئاست دەستبەسەرکردنەکاندا ڕابگەیەنن و وێڕای پشتیوانیکردن لە هەموو زیندانییان و دەستبەسەرکراوانی سیاسی، داوا لە دەزگا ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن زووبەزوو هەرهەموویان ئازاد بکەن.