لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورددا ڕۆژی ڕابردوو ٢٥ی بەفرانبار، سۆران محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد لە لایەن ئەم ڕێکخراوە ئەمنییەوە دەستبەسەر کراوە و گواستراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری ورمێ.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەهاباد وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٤ هاووڵاتی و چالاکی مەدەنیی کورد لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی مەهابادەوە بانگهێشت کراون و خراونەتە ژێر لێپرسینەوە. لەم کەسانە چواریان دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراون، بەڵام ڕۆژی ڕابردوو سیروان محەممەدی دوای ئەوەی بە تەلەفۆن بانگهێشتی بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات کراوە، لە لایەن ئەم دەزگا ئەمنییەوە دەستبەسەر کراوە و گواستراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری ورمێ» .

سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە شارەکانی سنە و مەریوانیش باس لە بانگهێشتکردنی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان و چالاکانی کوردی ئەم دوو شارە دەکەن.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبارەوە تا ڕۆژی ڕابردوو لانیکەم ٢٥ هاووڵاتی و چالاکی کورد دەستبەسەر کراون و ژمارەیەکی‌تریش بانگهێشتی بەردەم دەزگا ئەمنییەکان کراون و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک خراونەتە ژێر لێپرسینەوە.

هەنووکە ١٦ هاووڵاتی و چالاکی کورد دوای دەستبەسەرکران لە شارەکانی تاران، کەرەج، مەهاباد، بۆکان و ڕەبەت، لە دەستبەسەرگەی ٧ی تیری دەزگا ئیتلاعاتی سپای ورمێ ڕاگیراون.