سەرلەبەیانیی دووشەممە ١٥ی پووشپەڕ ناهید کەمانگەر، خوێندەکاری بەشی زمان و وێژەی کوردی زانکۆی کوردستان دوای بانگهێشتکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە کراوە. 

ناهید کەمانگەر کچی زیندانیی سیاسیی کورد حوسێن کەمانگەرە کە لە بەفرانباری ١٣٩٧ ـەوە سەرەتا براوەتە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و دواتر براوەتە زیندانی سنە و لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا بە تۆمەتی «بەغی» حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای تانەلێدانی پارێزەرەکەی بۆ پێداچونەوە ڕەوانەی بەردەم دیوانی باڵای ئێران کراوە.

ڕاشید مونتەزیری، چالاکی مەدەنی و هاوسەری ناهید کەمانگەریش هاوکات لەگەڵ دەستبەسەربوونی ناوبراو لە بەفرانباری ١٣٩٧دا دەستبەسەر کرا و دوای چوار مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. ناهید کەمانگەر لەو کاتەوە کە باوک و هاوسەرەکەی دەستبەسەر کراون چەندەها جار بانگهێشت کرابوو بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیتلاعات و خرابووە ژێر لێپرسینەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کامێرانەوە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی دەستبەسەرکردنی ناهید کەمانگەر، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «خانمی کەمانگەر ڕۆژی دووشەممە دوای بانگێشتکرانی بۆ ئێدارەی ئیتلاعات سەردانی ئەو ناوەندە ئەمەنییە کردووە و بۆ چەند کاتژمێر لێپرسینەوەی لێ کراوە. کاربەدەستە ئەمنییەکان داوایان لێ کردووە هاوکارییان بکات و دژ بە باوکە زیندانییەکەی دانپیانان و قسە بکات، باڵام ئەو ئامادە نەبووە داواکاریی لێپرسەوەکان قبووڵ بکات و هەر بۆیە بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە دەستبەسەر کراوە و گواستراوەتەوە بۆ بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە».

بە وتەی ئەم سەرچاوە، ناهید کەمانگەر بۆ خۆی هیچ چالاکییەکی سیاسیی نەبووە و وا دیارە لەبەر چالاکییە سیاسییەکانی باوک و هاوسەرەکەی دەستبەسەر کراوە.

بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەکان یەکێکە لە ڕێوشوێنەکانی دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ گوشارخستنەسەر زیندانییان و چالاکانی سیاسی.