تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی جۆزەردان (٧ی ژوەن) جەبار دووستی، لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – مەریوان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری مەریوانی پارێزگای کوردستان دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ماڵەکەی ئەم چالاکە پیشەییەیش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا پشکێنراوە.

جەبار دووستی نەخۆشیی دڵی لەگەڵە و پێشتریش لە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٠دا (٣١ی ژانڤییەی ٢٠٢٢) لەبەر چالاکییە پیشەییەکانی دەستبەسەر کرابوو.

هەر ئێستا سێ چالاکی پیشەیی مامۆستایانی شاری مەریوان بە ناوەکانی شەعبان محەممەدی، مەسعوود نیکخا و ئەسکەندەر لوتفی دەستبەسەرن. ڕۆژی شەممە ١٤ی جۆزەردان (٤ی ژوەن) شەعبان محەممەدی و مەسعوود نیکخا لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا ڕایانگەیاندووە کە گوازراونەتەوە بۆ زیندانی ئێڤینی تاران. هەروەها ئەسکەندەر لوتفی، وتەبێژی شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران، لە نۆهەم ڕۆژی مانگرتن لە خواردندایە.