بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گوڵان (٩ی مەی) سزای لەسێدارەدانی سێ بەندکراو بە ناوەکانی عەبدوڵڵا حەسەنزادە، حەسەن چووپانی و حەسەن عەرەبی کە بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوانە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی گوڵان (٧ی مەی) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سێدارە دراون.

حەسەن عەرەبی، خەڵکی گوندی «ئەنبێ»ی ورمێ، نزیکەی ٣ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.

حەسەن چووپانیی خەڵکی گوندی «شارستێن»ی پیرانشار و عەبدوڵڵا حەسەنزادەی خەڵکی گوندی «یەنگیجە»یش لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.

ڕۆژی سێشەممە و هاوکات لەگەڵ گواستنەوەی ئەم بەندکراوانەدا بۆ ژووری تاکەکەسی، بەندکراوێکی تر بە ناوی حەسەن موحەڕەڕ هەر لەم زیندانەدا لە سێدارە درا.