بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕدا (٢١ی جولای) چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی مەریوان بە ناوی شادی دەرگاهی دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە.

ئیرەج ڕەحیمزادەی هاوژینی ئەم چالاکە مەدەنییەیش کە ڕێکەوتی ٧ی جۆزەردان (٢٨ی مەی) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی مەریوان.

شادی دەگاهی دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە کراوە. ناوبراو ڕۆژانە بۆ لێپرسینەوە دەبرێتە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و شەوانە دەبرێتەوە بۆ کانوون.

ئەم دوو چالاکە مەدەنییە دوای دەستبەسەربوون مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەیان لێ زەوت کراوە.

ئیرەج ڕەحیمزادە دوای دوو حەفتە لە دەستبەسەرکردنی، لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا باسی گوشاری لێپرسەوە ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێی کردبوو.

ناوبراو پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٧دا (١٨ی فێبرییەی ٢٠١٩) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری مەریوان دەستبەسەر کرابوو و دوای چەند حەفتە لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو. ئەم چالاکە مەدەنییە ساڵی ١٣٩٨ (٢٠٢٠) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» سزای سێ مانگ و ڕۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.