چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەبووبەکر مام ئیسماعیل، کازم مام ئیسماعیل، کامیل مام ئیسماعیل و جەمال عەلەوی لە شاری مەهابادی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی گەلاوێژ (٢١ی ئاگۆست) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ئەبووبەکر مام ئیسماعیل لە گوندی «قزڵجە»ی مەهاباد و وێڕای پشکنینی ماڵەکە، ناوبراو و دوو کوڕەکەیان بە ناوەکانی کازم مام ئیسماعیل و کامیل مام ئیسماعیل دەستبەسەر کردووە.

ئەبووبەکر مام ئیسماعیل و کامیلی کوڕی دوای چەند کاتژمێر ئازاد کراون بەڵام کازم مام ئیسماعیل تا ئێستایش هەر دەستبەسەرە.

هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١ی خەرمانان (٢٣ی ئاگۆست) هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی «کۆسە کەرێز»ی مەهاباد بە ناوی جەمال عەلەوی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تەنها لە دوو حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٣٠ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارەکانی شنۆ، بۆکان، مەهاباد و میاندواو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.