حەیدەر ئیبراهیمی، وەرزشکار و سەرپەرشتی هۆڵی یانەی زۆرانی کامێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار (١٨ی ژانڤییە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی کامێراندا کاناڵێکی تێلێگرامیی سەر بە دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران وێنەیەکی حەیدەر ئیبراهیمیی بڵاو کردووەتەوە و تۆمەتباری کردووە بە بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکاندا و داوای کردووە دامودەزگا ئەمنییەکان ڕێکاری پێویستی لە بەرانبەردا بگرنە بەر».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە چەند حەفتەی ڕابردوودا گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان بۆ سەر ئەم وەرزشکارە پەرەی سەندبوو، بە ئاستێک کە ناچاریان کردبوو ماڵی پاسەوانییەکەی لە ناو یانەی زۆراندا چۆڵ بکات.

لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباردا (٨ی ژانڤییە) لیژنەی زۆزانی شاری کامێران وەک ناڕەزایەتییەک لە هەمبەر زەخت و گوشارە ئەمنییەکاندا و دەرکردنی حەیدەر ئیبراهیمی لە یانەی زۆران، لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ سەرۆکی ئیدارەی وەرزش و لاوانی ئەو شارە دەستیان لە کار کێشایەوە.

هێزە ئەمنییەکان لە درێژەی گوشار و هەڕەشەکانیاندا، ڕۆژی ٢٨ی بەفرانبار (١٨ی ژانڤییە) ئەم وەرزشکارە کوردەیان دەستبەسەر کرد و تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.