بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لەسەر چارەنووسی ئەحمەد باباخانی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران کە لە ڕێکەوتی ٢٩ی بەفرانباردا (١٩ی ژانڤییە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرا، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە و سەردانکردنی دادگا و دامودەزگا ئەمنییەکانی کامێران، تا ئێستە زانیارییەکیان لەسەر شوێنی ڕاگرتن و ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ناوبراو کراوەتەوە پێ نەدراوە.

ئەحمەد باباخانی برای مووسا باباخانییە کە لە ئەندامانی ڕێبەرایەتیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بوو و لە گەلاوێژی ١٤٠٠دا (٨ی ئاگۆستی ٢٠٢١) لە لایەن هێزە چالاکەکانی دەرەوەی وڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری هەولێری هەرێمی کوردستان تیرۆر کرا.

بنەماڵەی ئەم چالاکە سیاسییە لە دوو ساڵی ڕابردوودا و دوابەدوای تیرۆری ئەم ئەندامەی بنەماڵەکەیان، چەندەها جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت کراون و خراونەتە ژێر لێپرسینەوە.