لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد بە ناوەکانی ئارام مەلایی و حەیدەر ئیبراهیمی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانەکانی سنە و کامێران ئازاد کراون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ١٢ی ڕێبەندان (١ی فێبرییە) حەیدەر ئیبراهیمی، وەرزشکار و سەرپەرشتی هۆڵی یانەی زۆرانی کامێران، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی کامێران ئازاد کراوە.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباردا (١٨ی ژانڤییە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کامێران دەستبەسەر کرابوو و گوازرابوویەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری سنە.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندان (٣١ی ژانڤییە) ئارام مەلایی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «نەنەڵە»ی سنە کە لە ڕێکەوتی ١٥ی بەفرانباردا (٥ی ژانڤییە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە خاڵی پشکنینی سەڵواتئاوا دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کراوە.

ئەم دوو هاووڵاتییە بە درێژایی ماوەی دەستبەسەربوون لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوون.