بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ڕێبەندان (٦ی فێبرییە) بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی ئەمجەد ساعیدی، چالاکی مەدەنیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان، بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژی تر تازە کراوەتەوە.

ناوبراو نەخۆشیی کۆئەندامی هەرسی هەیە و لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریواندایە و مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی، دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەی لێ زەوت کراوە.

ئەم فەرمانبەرەی ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی مەریوان لە سەرەتای سەرهەڵدانە جەماوەرییەکانی دژ بە کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینییەوە دوو جار دەستبەسەر کراوە. یەکەم جار لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرماناندا (١٩ی سێپتامبر) کە دوای چەند ڕۆژ بە کەفالەت ئازاد کرا، هەروەها لە ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباریشدا بۆ دووهەم جار لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە.