بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ٤ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی ئاودانان بە ناوەکانی سەجاد مورادیوەندان، سامان مورادیوەندان، پەیمان یاسمی و ئەمیرحسەین نامدارپوور بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر بەردەوامبوونی دۆخی دژواریان لە زیندانی ناوەندیی ئیلامدا و هەروەها نادیاربوونی چارەنووسیان، لە ڕۆژی هەینی ٥ی ڕەشەمەوە (٢٤ی فێبرییە) مانیان لە خواردن گرتووە.

بەرپرسانی زیندان تا ئێستە ئامادە نەبوون ئاوڕ لە داواکارییەکانی ئەم ٤ هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە بدەنەوە.

سەجاد مورادیوەندان لە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەنداندا (٣١ی ژانڤییە) لە ڤێللایەکدا لە نزیک شاری مەسجدسولەیمان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام. هەروەها سامان مورادیوەندان، برای سەجاد و ئەمیرحسەین نامدارپوور لە ڕێکەوتی ١٣ی ڕێبەنداندا (٢ی فێبرییە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ئاودانان دەستبەسەر کران.

پەیمان یاسمی، هاووڵاتییەکی تری خەڵکی ئاودانان، لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەنداندا (٨ی فێبرییە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام.

ئەم ٤ هاووڵاتییە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان، بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە دەستبەسەرگەی ئەمنییەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئیلام کراون.