بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕەشەمە (١٤ی مارس) دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «ماراو»ی کامێران بە ناوەکانی فەرەیدوون مارابی و ڕێبوار مارابی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. فەرەیدوون مارابی دوای چەند کاتژمێرێک ئازاد کراوە بەڵام کوڕەکەی، ڕێبوار مارابی، ئازاد نەکراوە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.

دەوترێت هێزە ئەمنییەکان ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕەشەمە (١٤ی مارس) بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی ڕێبوار مارابی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان لە گوندی ماراو، بەڵام ڕێبوار لە ماڵەوە نەبووە و هەر بۆیە باوکیان، فەرەیدوون مارابی، دەستبەسەر کردووە. دوای چەند کاتژمێرێک هێزە ئەمنییەکان ڕێبواریان دەستبەسەر کردووە و باوکی کە برابووە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری کامێران، ئازاد کراوە.