کەمال لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دێولان، لە بیست و پێنجەمین ڕۆژی مانگرتن لە زیندانی کامێراندایە و درێژەدان بە مانگرتنەکە بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست دۆخی تەندروستیی ئەم هاووڵاتییەدا. کەمال لوتفی وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست بەردەوامبوونی مانەوە لە حاڵەتی دەستبەسەربووندا لە ڕۆژی ٢٨ی گوڵانەوە (١٨ی مەی) مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا هاوبەندییەکانی کەمال لوتفی پێوەندییان لەگەڵ بنەماڵەکەیدا گرتووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە دۆخی تەندروستیی ئەم هاووڵاتییە ڕوو لە خراپبوونە. هەروەها بەرپرسانی زیندانی کامێران تا ئێستە داواکارییەکانی ئەم زیندانییە سیاسییەیان پشتگوێ خستووە.

بنەماڵەی کەمال لوتفی لە دەسپێکی مانگرتنەکەوە تەنها یەک جار توانیویانە دیدارێکی کورتی لەگەڵدا بکەن، ئەویش بە هەماهەنگیی بەرپرسانی زیندانەوە و بە مەبەستی ڕازیکردنی بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەی. ڕۆژی ٧ی جۆزەردان (٢٩ی مەی) بەرپرسانی زیندانی کامێران لەگەڵ بنەماڵەی کەمال لوتفیدا پێوەندییان گرتبوو و بانگیان کردبوون تاکوو دیداری لەگەڵدا بکەن. دوای ڕۆیشتنی بنەماڵەی لوتفی لە دێولانەوە بۆ زیندانی کامێران، پێیان ڕاگەیاندبوون کە ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە لە دەیەم ڕۆژی مانگرتندایە و بە مەرجێک مۆڵەتی دیداریان پێ دەردرێت کە قەناعەتی پێ بکەن کۆتایی بە مانگرتنەکەی بێنێت.

کەمال لوتفی لە دیداری کابینی (لە پشت شووشەوە) لەگەڵ بنەماڵەکەی و لە حاڵێکدا کە تووشی دابەزینی کێش و زەختی خوێن بووە، رایگەیاندووە کە بە هیچ شەوەیەک کۆتایی بە مانگرتنەکەی ناهێنێت. ئەو جەختی کردووەتەوە کە دژ بە مانەوە لە دۆخی دەستبەسەربووندا درێژە بە مانگرتنەکەی دەدات و بە بنەماڵەکەیی وتووە «یان ئازاد دەبم یان لە زینداندا دەمرم».

کەمال لوتفی ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوە (١٦ی ئاوریل) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شەقامێکی دێولاندا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.

پێشتر و لەسەرەتای گوڵاندا (کۆتایی ئاوریل) ڕاگەیەنرابوو کە کەمال لوتفی دوای کۆتاییهاتنە لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە ڕەوانەی زیندانی کامێران کراوە، بەڵام دوای ئەوەی بنەماڵەکەی سەردانی ئەو زیندانەیان کردبوو، بەرپرسانی زیندان ئەو هەواڵەیان بە درۆ خستبۆوە.

کوڕی ئەم هاووڵاتییە، ڕەزا لوتفی، ٢٠ ساڵان، خەڵکی شاری دێولانی پارێزگای کوردستان، لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو (١٩ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا بە دەسڕێژی هێزەکانی یەکەی تایبەت کوژرا.

دوای کوژرانی ڕەزا لوتفی، بنەماڵەکەی کەوتنە ژێر هەڕەشە و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانەوە تاکوو لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا بڵێن کوڕەکەیان بە دەستی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان کوژراوە.

دوابەدوای بەردەوامبوونی هەڕەشە و گوشارەکان، کەمال لوتفیی باوکی ڕەزا لوتفی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە کوڕەکەی بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە.