بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی جۆزەردان (١٨ی ژوەن) عەبدوڵڵا ئەحمەدپوور، برای کەمال ئەحمەدپوور لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی لە مەهاباد دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

دەوترێت ئەم هاووڵاتییە لە بەردەم دووکانەکەیدا و بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە

کەمال ئەحمەدپوور ڕۆژی ٢٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٨ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مەهاباددا بە دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان گیانی بەخت کرد.

لە چەند حەفتەی ڕابردوودا گوشار و دەستبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پەرەی سەندووە. پێشتر و لە ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەرداندا (٩ی ژوەن) ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی شارەکانی دێولان، دیواندەرە و سنە کە چووبوونە سەر مەزاری گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شارەکانی سەقز و ورمێ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە نزیک بۆکان دەستبەسەر کران. هەندێکیان، لەوانە چەند منداڵێک، دوای چەند کاتژمێرێک ئازاد کران، بەڵام لانیکەم ٦ کەسیان دوای چەند ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.