لەسەر جارەنووسی ٢ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی میلاد مورشیدی و شەهریار فەریادیان کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی چەرداوڵ و سیروانی پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کراون، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، میلاد مورشیدی، هاووڵاتیی خەڵکی شارۆچکەی «کارزان»ی سەر بە شاری سیروانی پارێزگای ئیلام لە ڕێکەوتی ٢٥ی پووشپەڕدا (١٦ی جولای) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

هەروەها ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕیش (١٣ی جولای) شەهریار فەریادیان، هاووڵاتیی خەڵکی شاری چەرداوڵی پارێزگای ئیلام لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە ئیلام.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

ئەم دوو هاووڵاتییە پێشتریش لە ڕەوتی سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیدا دەستبەسەر کرابوون و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.

لە چەند مانگی ڕابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام بە بیانووی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لەم شارەدا، شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی دەست پێ کردووە و ٩ هاووڵاتی، لەوانە منداڵێک، لە شارەکانی سەراوڵە و چەرداوڵ و شارۆچکەی «کارزان» لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

لەم ٩ هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە، نەوید محەممەدنژاد (وەرزشکار)، مێهرداد قەیسەربەیگی، ئەیوب گەراوەند، یوونس گەراوەند و ئەرەشک قەیسەربەیگی بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە هێشتا لە دەستبەسەرگەی کاتیی ئیلامدان و محەممەد تەهماسبی (مامۆستای قوتابخانە) و حامید ڕەحمانییش دوای ماوەیەک بە بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران. میلاد مورشیدی و شەهریار فەریادیانیش گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە ئیلام.