تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە دەمەوبەیانی ئەمڕۆ ١١ی گەلاوێژ حوکمی لەسێدارەدانی ٣ بەندکراو بە ناوەکانی سێپێهر عەباسنژاد، ئەسکەندەر زارع و حەمزە ڕەزایی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە سڕکەرەکان»ـەوە حوکمی ئعدامیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کراوە.

ئەم سێ زیندانییە ڕۆژی ڕابردوو بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان لە بەندی ٤ ـەوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠٠دا لانیکەم ٧ کەس لە زیندانی ورمێ، هاووڵاتییەکی خەڵکی ورمێ لە زیندانی مەهاباد و هاووڵاتییەکی خەڵکی کرماشان لە زیندانی ئسفەهان بە تۆمەتەکانی «مادەی سڕکەر» و «کوشتن» لە سێدارە دراون.