تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو ١٨ی جۆزەردان (٨ی ژوەن) سێ زیندانی بە ناوەکانی ستار ئەرغەندە، خەسرەو تارک و کەمال بەیانیڕاد لە زیندانی ناوەندیی ئیلام لە سێدارە دراون.

ستار ئەرغەندە، ٤٥ ساڵان، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی شاری مەلەکشاهیی پارێزگای ئیلام، نزیکەی ١٨ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرا و دوای ململانێیەکی یاسایی زۆر و نەبوونی بەڵگەی پێویست، دوو ساڵ لەمەوبەر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. ناوبراو دوای چەند مانگ سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە و حوکمی قەساسی نەفس (ئێعدام)ی بۆ دەرچوو. حوکمی ئەم زیندانییە دوای ١٨ ساڵ جێبەجێ کرا.

خەسرەو تارک، خەڵکی شاری مەلەکشاهی و کەمال بەیانیڕاد خەڵکی شاری ئیلامیش لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوون و حوکمی قەساسی نەفس (ئێعدام)یان بۆ دەرچووبوو.