بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو ١٠ی ڕێبەندان (٣٠ی ژانڤییە) سزای لەسێدارەدانی زیندانییەک بە ناوی ئیسماعیل کەچلانلوو لە زیندانی ماکۆ جێبەجێ کراوە.

ئەم زیندانییەی خەڵکی شاری شووت، نزیکەی ٣ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرا و سزای «قەساسی نەفس» (ئێعدام)ی بۆ دەرکرا.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای مانگی ڕێبەندانەوە (کۆتایی ژانڤییە) تا ئێستا لانیکەم ٤ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان» و «کوشتنی بەئەنقەست» لە زیندانی ناوەندیی کەرەج و ماکۆ لە سێدارە دراون.