تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو ٧ی سەرماوەز (٢٨ی نۆڤامبەر) هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدانی شەهرام محەممەدبەیگیدا لە زیندانی ناوەندیی ئیلام، سزای لەسێدارەدانی دوو زیندانیی دیکەیش بە ناوەکانی عەلی‌ئاقا محەممەدی و ناسر مەقسوودی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، هەر لەم زیندانەدا جێبەجێ کراوە.

عەلی‌ئاقا محەممەدی، ٤٧ ساڵان و خەڵکی شاری مەلەکشایی پارێزگای ئیلام، ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی هاوسەرەکەی خۆی دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو. هەروەها ناسر مەقسوودی، خەڵکی دەڕەشاری پارێزگای ئیلام، نزیکەی ٣ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.

ڕۆژی ڕابردوو تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەواڵی لەسێدارەدانی شەهرام محەممەدبەیگی، وەرزشکاری خەڵکی ئیلام و پاڵەوانی ڕاکردنی بیابانی لاوانی ئێرانی هەر لەم زیندانەدا بڵاو کردبووەوە.