بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی سەرماوەز (٦ی دیسامبەر) سزای لەسێدارەدانی سێ بەندکراو بە ناوەکانی سیرووس حەیدەری، خالید ڕۆحی و کەمال ئیلهامی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» و «دەستدرێژیکردن بە زۆر» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانەکانی سنە و سەقز جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو بەندکراو بە ناوەکانی سیرووس حەیدەری و خالید ڕۆحی کە ڕۆژی دووشەممە ١٣ی سەرماوەز (٤ی دیسامبەر) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی سنە کرابوون، لە سێدارە دران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سیرووس حەیدەری (ناسراو بە سیرووس پڵەنگ) ٦٠ ساڵان، خەڵکی سنە و خاوەن پێداویستیی تایبەت (نەخۆشیی دەروونی)، ساڵی ١٣٩٠ بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بۆ دەرچوبوو. ئەم زیندانییە ماوەیەک دوای دەستبەسەرکران بە فەرمانی داواکاری گشتیی سنە و بە پێچەوانەی پرەنسیبی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ، بە شەقامەکانی شاری سنەدا گێڕایان.

خالید ڕۆحی، خەڵکی گوندی «چەم سۆ»ی سنەیش نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش هەر بەم تۆمەتە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بۆ دەرچوبوو.  

هاوکات زیندانییەکی ٤٣ ساڵانی خەڵکی سەقز بە ناوی کەمال ئیلهامی کە نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «دەستدرێژیکردن بە زۆر» دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی سەقز لە سێدارە درا.